سەردێڕ:

ژاپۆن سەرجەم مامەڵەکانی بە دۆلار لەگەڵ بانکە روسییەکان راگرت

AM:09:03:26/03/2022

4028 جار خوێندراوەتەوە

لەیەکەم کاردانەوەی بڕیارەکەی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لەبارەی راگرتنی مامەڵە بازرگانییەکان بە دۆلار، بانکە گەورەکانی ژاپۆن لەمڕۆوە سەرجەم مامەڵەکانی لەگەڵ بانکی سبیربانکی روسی بە دۆلار راگرت.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ژاپۆن "کیۆدۆ" بڵاویکردەوە، لەمڕۆوە بانکە گەورەکانی ئەو وڵاتە سەرجەم مامەڵەکانیان لەگەڵ سیبیربانکی روسی بە دۆلار راگرت.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەریەک لە بانکەکانی میتسۆبیشی یو ئێف جی و سۆمیتۆمۆ میتسوی و فیزۆهوی ژاپۆنی سەرجەم مامەڵەکانیان لەگەڵ سیبربانکی روسی بە دۆلار راگرت.

هەر بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ، راگرتنی مامەڵەی بانکەکانی ژاپۆن بە دۆلار لەگەڵ سیبیربانکی روسی یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر روسیایە و بەمەش مامەڵەکردنی بانکەکان ئەو وڵاتە لەگەڵ روسیادا بەتەواوەتی دەوەستێت و لەم قۆناغەدا ئەستەمە مامەڵە لەگەڵ ئەو بناکەی روسیادا بە دۆۆلار بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، راگرتنی سەرجەم مامەڵەکانی بانکە گەورەکانی ژاپۆن لەگەڵ سبیربانکی روسیدا لەمڕۆوە ٢٦ی ٣ی ٢٠٢٢ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسی هەواڵی کیۆدۆ باسی لەوەشکردووە، بانکی میتسۆبیشی یو ئێف جی لەکاتی مامەڵەکردنی بە دراوی بیانی تەنها بە دۆلار مامەڵەی کردووە.

دەشڵێت، تا ئێستا نازانرێت ئایا بانکەکانی ژاپۆن بە دراوی دیکەی بیانی جگە لە دۆلار مامەڵە لەگەڵ سیبیربانکی روسیدا دەکەن یان نا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٢ ئەمریکا زنجیرەیەک سزای دارایی و ئابوری و بازرگانی بەسەر بانکە گەورە روسییەکاندا سەپاند بە ڕاگرتنی سەرجەم مامەڵەکان لەگەڵ بانکە روسییەکاندا و لە نێویشیاندا بانکی سیبیربانک.













گەلەری