بەمەبەستی رێگریكردن لە بازرگانی بەماددە هۆشبەرەكان، دەستەی مەرزەكانی عێراق بڕیاری داوە كە هاوردەكردنی گۆشتی سور، مریشك، بەرهەمە شیرەمەنییەكان و خورما لە ئێرانەوە قەدەغەبكات.
ئەمڕۆ ٢٩ـی ئازاری ٢٠٢٥، عەلا قەیسی، وتەبێژی دەستەی مەرزە سنوورییەكانی عێراق رایگەیاند، بۆ رێگریكردن و كەمكردنەوەی بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان، دەستەكە بڕیاریداوە كە لە مەرزی شەلامجە لە بەسرە هاوردەكردنی گۆشتی سوور، مریشك، شیرەمەنییەكان و خورما قەدەغە بكات.
ئاماژەی بەوەکرد، هاوردەكردنی ئەو خواردەمەنییانە
كە بەشێوەی بازرگانی لە نێوان هەردو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت ناگرێتەوە، بەڵكو
رێگرییەكە بۆ ئەو هاوڵاتیانەیە بەشێوەی تاك لەكاتی گەڕانەوەیان لەئێرانەوە بۆ
عێراق دەیكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیهێننەوە.
باسی لەوەشکرد، قەدەغەکردنەکە بۆ ڕێگریکردن لە
قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی ئەو ماددانە جێبەجێکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی سەختی
دەستنیشانکردنیان بە بەکارهێنانی ئامێری سۆنار.
ئەو بڕیارەش لەكاتێكدایە كە لەماوەی دوو رۆژدا
دەستگیرکردنی دوو گەشتیاری بیانی راگەیاند كە هەوڵیان داوە ماددەی هۆشبەر لە
جۆری کریستاڵ كەلەناو بۆری پلاستیكدا شاردبوویەوە بهێنێتە ناو عێراق.