سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەستمان بەسەر دوو تەن ماددەی هۆشبەردا گرتووە

PM:07:04:28/03/2025

1072 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـوە تا ئێستا توانیویانە دەستبەسەر زیاتر لە دوو تەن ماددەی هۆشبەردا بگرن لەگەڵ دەستگیرکردنی ٥٥٩ بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئازاری ٢٠٢٥، حسێن یوسف تەمیمی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەرونییەکان بڵاویکردەوە، بەهۆی پەیوەندی راستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، توانیویانە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ هەزار و ٥٥٩ بازرگانی ماددە هۆشبەركان دەستگیربكەن، بەوەش زیانی گەورەیان لەبازرگانانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی داوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكان دەستی بەسەر دوو تەن و ١٥٦ كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە، هەروەها توانیویانە ١٩٤ بازرگانی نێودەوڵەتی و هەزار ٣٥٦ بازرگانی ناوخۆیی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیربكەن.

وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەرونییەکان باسی لەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی نەك تەنها لەناوخۆی وڵات بەڵكو لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا چالاكییەكانی پێشبخات ئەوەش وایكردووە هەمیشە بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەهێزتر و کاریگەرتر رووبەڕووی گواستنەوە و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان بەبەكارهێنانی هۆكار و ئامرازی مۆدێرنی پێشکەوتوو بوەستێتەوە.













گەلەری