وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەڵامی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکایان داوەتەوە و لە رێگەی وڵاتی عومانەوە وڵامەکەیان ناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێرانی راگەیاند، وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەی گونجاو و لە رێگەی وڵاتی عومانەوە نێردراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ نامەکەی
ترەمپ، رۆژی چوارشەممە، ٢٦ـی مانگ لە رێگەی عومانەوە نێردراوە، ئەم وەڵامە
فەرمییەش نامەیەکە کە تێیدا را و بۆچوونی ئەوانە لەبارەی دۆخی ئێستا و نامەکەی ترەمپ
کە بە شێوەی تەواو روونکراوەتەوە و بە لایەنی بەرامبەر گەیێندراوە.
باسی لەوەشکردووە، سیاسەتیان هەمان سیاسەتی پێشووە کە نەبوونی
دانوستاندنی راستەوخۆیە لەژێر ئەوپەڕی گوشار و هەڕەشەی سەربازیدا، بەڵام
دانوستاندنی ناراستەوخۆ هەروەک رابردووش هەبووە، دەتوانرێت بەردەوام بێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە
کابینەی حەسەن رووحانی و ئیبراهیم رەئیسیشدا هەبووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٢ـی ئازاری ئەمساڵ، راوێژکاری سەرۆکی
ئیمارات نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندە تاران.