پارێزگاری بانکی ناوەندیی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دوای کەمتر لە سێ مانگ لە پۆستەکەیدا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی حکومەتی کاتی سوریا کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، مەیسا سابرین، پارێزگاری کاتی بانکی ناوەندیی سوریا دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی حکومەتی سوریا کردووە.
لەدوای هاتنە سەر دەسەڵات و پێکهێنانی حکومەتی کاتی لە سوریا، مەیسا
سابرین وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی بە کاتی دەستنیشان کراو و پۆسەتەکەی
وەرگرت،سابرین یەکەم ژنە کە لە مێژووی زیاتر لە ٧٠ ساڵیدا سەرکردایەتی
دامەزراوەکە دەکات، جێگەی محەمەد عیسام حازمەی گرتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن
بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراوی بانکی ناوەندییەوە دەستنیشانکرا بوو .
مەیسا سابرین ، خاوەنی زیاتر لە ١٥ ساڵ ئەزموونی پیشەیی لە بواری
دارایی و بانکیدا و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێرە لە ژمێریاری لە زانکۆی
دیمەشق، هەروەها بڕوانامەی CPA، کە وای لێکردووە پۆستی
سەرکردایەتی دیار وەربگرێت.
ئەگەرچی دیار
نییە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵدەکرێت یاخود نا و هۆکارەکەشی نەخستووەتەڕوو، بەڵام
بەرپرسێکی سوریا و سەرچاوەیەک لە کەرتی دارایی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە،
کە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا جێگرەوەیەک بۆ مەیسە
سابرین دادەنرێت.