سەردێڕ:

وەزارەتی بیناسازی عێراق دوای وەستانێکی زۆر دەست دەکات بە جێبەجێکردنی ٢٣ پڕۆژەی نیشتەجێبوون

PM:02:06:26/03/2025

1076 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردنی عێراق دەستیکرد بە تەواوکردنی ٢٣ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە حەوت پارێزگای عێراق کە وەستاون.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، وەزارەتی بیناسازی و نیشتەجێکردنی عێراق دەستیکرد بە تەواوکردنی ٢٣ پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە جێبەجێکردنیان دواکەوتووە.

هەروەها، نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە بڕیار بوو لە ساڵانی رابردوودا تەواو بکرێن، بەهۆی بارودۆخی سەختی دارایی و کارگێڕییەوە تەواو نەکرابوون، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی مافی بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتیانەی کە ناویان بۆ ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون تۆمار کردبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکە چارەسەری گونجاوی دۆزیوەتەوە، کارەکانی لەسەر ١٥ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دەستپێکردەوە کە بەسەر پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، کەربەلا، واست، ئەنبار، میسان، و بەسرەدا دابەشکراون دوای چارەسەرکردنی کێشە دارایی و کارگێڕییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار.

باسی لەوەشکرد، وەزارەتەکە هەشت پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دیکەی رەوانەی دەسەڵاتدارانی وەبەرهێنان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە کردووە، لەوانە بابل، بەسرە، دیوانیە، دیالە، ئەنبار، و دیقەر، بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنیان لەژێر مۆدێلی وەبەرهێناندا، دوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پێشوودا رێکبکەون.













گەلەری