سەردێڕ:

بەشێک لە پەنابەرانی بەریتانیا رەوانەی وڵاتانی بەڵکان دەکرێن

PM:02:35:23/03/2025

1560 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی بی بی سی بەریتانی رایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا پلانێکی داناوە تا لە رێگەیەوە بەشێک لە پەنابەرانی وڵاتەکەی رەوانەی وڵاتانی بەلکان بکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی ئازارـی ٢٠٢٥، ئاژانسی بی بی سی بەریتانی باسی لەوەکردووە، ئەو پەنابەرانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە و هیچ رێگەیەکی دیکەیان نییە بۆ پێداچونەوە، ئەوا بەپێی پلانێک حکومەتی بەریتانیا رەوانەی وڵاتانی بەلکانیان دەکات.

هەروەها، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی داوە، کە رووبەڕووی قەیرانی ئەو کەسانە ببنەوە کە بە بەلەمی بچووک دەپەڕنەوە و دەیانەوێت کۆچی پەنابەران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

هاوکات، پێشتر پلانێکی پارتی پارێزگارانی هەڵوەشاندەوە بۆ ناردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە رواندا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەرییان لەوێدا جێبەجێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خێزانانەی کە منداڵیان هەیە، لەم پلانە دوور دەخرێنەوە و هەر پلانێکی ناوەندی گەڕانەوە پێویستی بە بەرپرسان دەبێت کە گرێبەست لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکەن کە سەنتەرەکان نیشتەجێن.

باسی لەوەشکرد، پێشنیارەکانی ئێستا لەسەر وڵاتانی رۆژئاوای بەڵکانە – ناوچەیەک کە ئەلبانیا، سربیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤینا لەخۆدەگرێت و پارتی کرێکاران پێی وایە ئەم پلانە دەتوانێت پارە پاشەکەوت بکات بە خێراکردنی پرۆسەی دوورخستنەوە و زیادکردنی ژمارەی بەشداربووان.













گەلەری