سەردێڕ:

دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ هاوشێوەی مانگەکانی دیکە دەبێت؟

AM:10:55:18/03/2025

3340 جار خوێندراوەتەوە

چاوەڕوان دەکرێت پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەش بکرێت، ئەوەی جێگەی پرسیارە لای مووچە خۆران چارەنوسی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی تری ئەم ساڵ بە کوێ دەگات؟. ئایا حکومەت هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو کەمتەرخەمی دەکات لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەغدا لەبارەی مووچەوە!


ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ـی ئازارـی ٢٠٢٥، بە گوێرەی زانیارییەکان، بەغدا تەواوکاریی مووچەی مانگی ١٢ـی خستووەتە بری داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی کۆتایی ٢٠٢٤ کە دەبوو حکومەتی کاربەڕێکەر رادەستی بکات. هاوکات، بۆ مووچەی مانگی ١٢ بەغدا بڕی ٤٤١ ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە.

جگە لەو ٤٤١ ملیارەی بەغدا، هەرێم داهاتی ناوخۆ و داهاتی فرۆشتنی نەوتی قاچاخیشی لەبەردەستدا بووە و حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ مووچەی ١١ مانگی ساڵی رابردوو زیاتر لە ١١ ترلیۆن دیناری لە بەغدا وەرگرتووە.

بە واتایەکی دیکە، ئەگەر بۆ هەر مانگێک پێویستیان بە تریلیۆنێک دینار بووبێت بۆ دابەشکردنی مووچە، پارەی پێویست بۆ ١٢ مووچە لەبەردەست بووە.

ئەمە جگە لە داهاتی ناوخۆ کە بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە ٣٥٠ ملیار دینارە و داهاتی ناوخۆی ١٢ مانگی ساڵی رابردوو دەکاتە چوار ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار و تەنها ٩٦٠ ملیاری خەرج کراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیکدەبینەوە لە مانگی چوار و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش سەرەڕای ئەوەی بەشێکی پارەی مووچەی مانگەکەی لە بەغداوە بۆ هاتووە و داهاتی ناوخۆ و نەوتی قاچاخیشی لەبەردەست بووە، کەچی ئێستا گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە.














گەلەری