سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دەستمان بەسەر زیاتر لە یەك تەن ماددەی هۆشبەردا گرت

PM:05:05:16/03/2025

1220 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستبەسەرداگرتنى تەنێک و ١٠٠ کیلۆگرام حەپى هۆشبەرى لە جۆرى کەپتاگۆن بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکانى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکانى هەولێر و سلێمانى راگەیاند و دەڵێت، سەرچاوەى ئەم حەپانە وڵاتی سوریا بووە و لەوێوە براونەتە تورکیا و دواتریش هێنراونەتە عێراق.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ زانیارییەکی زۆر گرنگیان لە ئیدارەی ماددە هۆشبەرەکانی سعودیەوە وەرگرتووە، بەوەی بارهەڵگرێک بڕی زیاتر لە تەنێك ماددەی هۆشبەری هەڵگرتووە و بەرەو عێراق بەرێکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتمەندیان بەشێوەیەكی ورد ئەنجامدا، كە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر و سلێمانی بەشدارییان تێدا کرد.

باسی لەوەشكرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر تەنێک و ١٠٠ کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆندا گرتووە و ئەوانەشی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە دەستگیر کراون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەکی تایبەتمەندی زۆر نهێنی و راوەدونانی بارهەڵگرەکە بە ئەنجام گەیشتووە.













گەلەری