سەردێڕ:

عێراق دەیەوێت هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ نزیکەی ٦٠٠ مێگاوات زیادبکات

PM:02:07:16/03/2025

956 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکە دەیەوێت هەیە، تا مانگی شەشی ئەمساڵ، هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ نزیکەی ٦٠٠ مێگاوات زیادبکات.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی ئازارـی ٢٠٢٥، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق ٥٤ مێگاوات کارەبا لە ئوردنەوە هاوردەدەکات بۆ دابینکردنی کارەبای قەزای روتبە، کاریشدەکەین بۆ زیادکردنی ئەو بڕە بۆ ١٥٠ مێگاوات بۆ دابینکردنی کارەبای ناوچەکانی عەنە، هەیت، روتبە، حەسیبە و قائیم.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتەکە هەوڵدەدات پێش هاوین گواستنەوەی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە کوەیتەوە بۆ بەسرە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

باسی لەوەشکرد، کاردەکەین بۆ زیادکردنی هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بۆ ئەوەی تا مانگی حوزەیران، بگاتە نزیکەی ٦٠٠ مێگاوات، لەبری ئەو ٣٠٠ مێگاواتەی ئێستا لە رێگەی پەیوەندیی کارەبای نێوان هەردوو وڵاتەوە دابیندەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت گرنگیی غازی ئێران ناشارێتەوە و ئەگەر بپچڕێت، کاریگەری لەسەر کارەبای تۆڕی نیشتمانی دروستدەکات و لەئێستادا وەزارەت دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای چارەسەر و بەدیل بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشەیە.













گەلەری