سەردێڕ:

سودانی و ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

PM:07:55:15/03/2025

944 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەقامگیری وڵات و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان کردەوە.


نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هاوڕابوون تیمێكی دووقۆڵی واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی ماكرۆن بۆ به‌غدا دیاریی بكه‌ن.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە هەردوولا لەبارەی پرۆسەی سیاسی سوریا هاوڕابوون و جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە پرۆسەکە رەنگدانەوەی فرەچەشنی وڵاتەکە بێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، رێککەوتن لەسەر هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، سودانی پابەندبوونی عێراقی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و زیادکردنی هاوکارییەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا لەگەڵ فەرەنسا دووپات کردەوە.

هەروەها لای خۆیەوە ماکرۆن، جەختی لە ئامادەیی فەرەنسا بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە و رەزامەندیشی نیشاندا بۆ پێکەوە کارکردن لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.













گەلەری