پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ رۆژی ١٦ـی ٣ـی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایە پشوو لە عێراق بەڵام، پارتی و یەکێتی ئەو رۆژە بە رەوا نابینن بۆ خەڵکی هەڵەبجە و نایکەن بە پشوو.
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئازاری ٢٠٢٥، ئاریان تاوگۆزی، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، کاتێک دەڵێین ئەو پرۆژەیە، بیرۆکەیە یان ئەوە کاری نەوەی نوێ یە و کار و پرۆژەی باش لە پارتی و یەکێتی ناوەشێتەوە، بە پشووکردنی رۆژی ١٦ـی ٣ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەرتاسەری عێراق بەنمونە.
باسی
لەوەکردووە، بە نوسراوی ژمارە ٧٥، لە رۆژی ٢٠ـی ئایاری ساڵی رابردوو داوایان لە
لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی عێراق و لیژنەی یاسایی و لیژنەی ئەوقاف و عەشایار کرد
کە رۆژی ١٦ـی ٣ـی هەموو ساڵێک بکرێتە پشوو.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دوو رۆژ لە داواکارییەکەیان لە رۆژی ٢٠ـی مانگی پێنجی
ساڵی رابردوو، بە واژۆی فاروق حەنا عەتو، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری پێشنیارەکەی
ئەوان قبوڵکرا و لە یاسایی پشووە فەرمیەکاندا جێگای کرایەوە و دەنگی لەسەردرا.
ئەوەشی
خستەڕوو، لەو کاتەدا پارتی و یەکێتی بە هەڵا میدیاییەکەیانەوە خۆیان دەکرد بە
خاوەنی ئەو دەستەکەوتە، لەو کاتەدا وتیان کە لە ماوەی ٣٤ ساڵی رابردوودا پارتی و
یەکێتی کە بەردەوام زۆرینەبوون لە پەرلەمان و حکومەتیش هەر خۆیان دروستیان کردبوو،
ئەو رۆژەیان نەکردبووە پشووی فەرمیی، هاوکات رووبەرووی پرسیاری پەرلەمانتارە
عەرەبەکان دەبووینەوە کە ئێوە خۆتان لە هەرێمی کوردستان نەتانکردووە بە پشوو بۆ
داوا ئەکەن لە عێراق بکرێت.
وتیشی، ئەمساڵیش
پارتی و یەکێتی ئەو رۆژە بە رەوا نابینن بۆ خەڵکی هەڵەبجە و نایکەن بە پشوو، وێڕای
بوونی ئەو رۆژە لە یاسای پشووە فەرمیەکانی عێراقدا.