سەردێڕ:

وەزارەتی دادی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی هاوڵاتیان لیژنەیەکی دروستکرد

PM:03:30:15/03/2025

908 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکیان بۆ بە دواداچوون و چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠٢٥، تایبەت بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە داگیرکراوەکان دروستکرد بەمەبەستی گەڕاندنەوەی موڵکەکان لە ماوەی شەش مانگدا.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئازارـی ٢٠٢٥، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی پێک هێنراوە، لەلایەن بریکاری باڵای وەزارەتی داد، زیاد تەمیمی، سەرپەرشتی دەکرێت و ئەرکیان جێبەجێکردنی بڕیاری گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی داگیرکراوە بۆ خاوەنەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکە راسپاردەکانی بۆ سەرۆک وەزیران بەرز کردووەتەوە بۆ فەرمانکردن بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، تاوەکوو زێدەڕۆییەکانی سەر ئەو موڵکانە هەڵگرن، کە ناکۆکیی زەوی و زاریان لەسەر نییە، بۆ ئەوەی خاوەنەکانیان بە گوێرەی یاسا بتوانن کاری تێدا بکەن.

هەروەها، تەمیمی ئەوەشی خستەڕوو، سەبارەت بە چارەکردنی بڕیاری ژمارەی ٢٩ی ساڵی ٢٠١٢، رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ماوە و تەواو نەکراون، بەڵام راسپاردەکان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کراون بۆ ئەوەی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەوییە کشتووکاڵییەکانی وەزارەتی کشتووکاڵ پێک بهێنرێت.













گەلەری