سەردێڕ:

سودانی بۆ وەزیری دەرەوەی سوریا: پێشێلکاریی دژ بە هیچ پێکهاتەیەک لە سوریا قبوڵ نەکرێت

PM:08:29:14/03/2025

1220 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا گەیشتە عێراق و بە جیا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووە و هەردوولا جەختیان کردەوە لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا. هاوکات بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراقدا کۆببێتەوە.


ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی ئازاری ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکدا لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا کرد و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە هەڵوێستی روون و پتەوی عێراق کردەوە لە رێزگرتن لە هەڵبژاردنەکانی گەلی سوریا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، سودانی جەختی لە پێویستی بەدواداچوونی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کردووە کە فرەچەشنی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.

باسی لەوەشکردووە، گرنگە رێز لە بیروباوەڕ و پیرۆزییەکانی هەموو گروپ و چین و توێژەکانی گەلی سوریا، بگیرێت و رێگە نەدەن هیچ هێرشێک یان پێشێلکارییەک بەرامبەر بە هیچ کام لە پێکهاتەکان بکرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی سوریا و دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست لەوبارەیەوە، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی هەردوولا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری کە پاڵپشتی ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەکات.
هەروەها، 
لەدوای كەوتنی رژێمی ئەسەدەوە، شیبانی یەكەم بەرپرسی دەسەڵاتی نوێی سوریایە سەردانی بەغدادی كردووە.













گەلەری