سەردێڕ:

عێراق دیواری کۆنکرێتی دروستدەکات لەسەر سنووری سوریا

PM:07:40:08/01/2025

1300 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، کە سنووری خۆرئاوای وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا پارێزراوە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا بە درێژایی ٤٠٠ کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا دروست کراوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراق رایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی بەدرێژایی ٦١٥ کیلۆمەتر لەسەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا بەردەوامن و وتیشی، تا ئێستا بە درێژایی ٤٠٠ کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا، دروست کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ، کارەکانی دروستکردنی دیواری کۆنکرێتی لەسەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا، تەواو دەبن و دوای تەواوبوونی دروستکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکە، ھیچ بۆشایەکی ئەمنی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا نامێنێت.

ئەوەشیخستەڕوو، وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە، زنجیرەیەک رێوشوێنی توندییان بە ئامانجی پاراستنی سنووری عێراق لەگەڵ سوریا، گرتووەتەبەر.

رووینیشیکردەوە، سنووری وڵاتەکەمان لەگەڵ سوریا، ھیچ مەترسیی لەسەر نییە و سەقامگیرە، رێگا نادەین ھیچ پێشێلکارییەک لەسەر سنوورەکانمان رووبدات.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ٨ـی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، رژێمی پێشووی سوریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان  رووخا، عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی ئەمنی بە ئامانجی پاراستنی سنوورەکەی لەگەڵ سوریا گرتووەتەبەر.













گەلەری