سەردێڕ:

عێراق؛ سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەهێز دەکات

PM:05:22:08/01/2025

4720 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، گەیشتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو لە كۆریای باشوورەوە بۆ عێراق راگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، تەحسین خەفاجی، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، گرێبەستمان کردووە لەگەڵ وڵاتانی فەڕەنسا و کۆریای باشوور، بۆ ناردنی چەکی پێشکەوتوو و لەبوارەكانی بەرگری ئاسمانی و هێزی ئاسمانی.

ئاماژەی بەوەشكرد، سیستەمی بەرگری نوێ كە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە هاوردە كراوە، بەم نزیكانە دەگاتە فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی، لەوێش بۆ چارەسەركردنی ئامانجە ئاسمانییەكان بەكاردەهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، گرێبەست لەگەڵ فەرەنسا كراوە بۆ دابینكردنی هەلیكۆپتەری پیشکەوتوو و پاڵپشتی لۆجستیكی بۆ هێزە زەمینیەكان و سیستمی راداری پێشكەوتوو و ئەمساڵ دەگاتە دەستیان.

هاوکات، ستایشی پاڵپشتی گەورەی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی  كرد لە پڕچەككردن و پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا و بەرگری ئاسمانی، جگە لە تەرخانكردنی پارەی پێویست بۆ ئەم كارە.

سودانی پێشتر رایگەیاندبوو، حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق بە پەرەپێدانی تواناكانی و هێنانی نوێترین و پێشكەوتووترین چەك.

 













گەلەری