سەردێڕ:

پێش دەستبەکاربونى سەمەرەکانى ترەمپ ببینە

PM:03:23:07/01/2025

8904 جار خوێندراوەتەوە

پێش دەستبەکاربونى سەمەرەکانى ترەمپ دەستى پێکردووە، داوا دەکات کەنەدا ببێتە ویلایەتێکى ئەمریکا و کوڕەکەشى ناردووە دورگەیەک لە دانیمارک وەربگرێت، پێشتر چەند جارێک وتبوى کەناڵى پەنەما کە ٢٦ ساڵە وڵاتى پەنەما خاوەندارێتى دەکات وەردەگرێتەوە


پێدەچێت دووەم خولی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ خولێکی ناوازە و پڕ لە داواکاری و بڕیاری سەیروسەمەرە بێت، هێشتا دەسەڵاتی نەگرتووەتە دەست کەچی داوای لکاندنی وڵاتێکی زەبەلاح بە ئەمریکا و کڕینی گەورەترین دوورگە لە جیهاندا و دەستبەسەرداگرتنی ستراتیژیترین ڕێڕەوی ئاوی دەکات.

رەنگە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە جدی بیەوێت رووبەری خاکی وڵاتەکەی فراوانتر بکات و لێدوانەکانی ئەوە دەردەخەن چاوی لەسەر وڵاتی کەنەدای هاوسێی و گەورەترین دوورگەی بەستەڵەک لە جیهان و کەناڵی پەنەما بێت.

ترەمپ دەڵێت، جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بۆیە دەستی لە پۆست و سەرۆکایەتی حزبەکەی کێشایەوە، چونکە باش تێدەگات لەو قەبارە کورتهێنانە گەورەیەی رووبەڕووی کەرتی بازرگانی وڵاتەکەی بووەتەوە.

ترەمپ کە پێش هەفتەیەک داوای لکاندنی خاکی کەنەدای بە وڵاتەکەیەوە کردبوو، ئێستاش هەمان داواکاریی دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئەگەر ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا یەکبگرێت، ئەوا هەردوولا لە رووی ئەمنی و بازرگانییەوە سوودمەند دەبن، لە هەژماری خۆیشی لەسەر پێگەی (تروث سۆشیاڵ) نوسیوێتی، زۆرێک لە هاوڵاتیانی کەنەدا حەز دەکەن وڵاتەکەیان ببێتە ویلایەتی ژمارەی ٥١ ی ئەمریکا.

ترەمپ جەخت دەکاتەوە چیتر ئەمریکا لە توانیایدا نەماوە بەرپرسیارێتی کورتهێنانی گەورەی بازرگانیی لە کەنەدا بگرێتە ئەستۆ و یارمەتی دارایی پێشکەش بکات تا بە پێوە بوەستێت، وتیشی جەستن ترۆدۆ ئەوەی دەزانی بۆیە پۆستەکەى جێهێشتووە.

بە وتەی ترەمپ ئەگەر کەنەدا ببێتە بەشێک لە خاکی ئەمریکا چیتر باجی گومرگ نامێنێت و دۆخی ئابوری کەنەدییەکان باشتر دەبێت، هەروەها لە هەڕەشەکانی کەشتییە رووسی و چینییەکان لە چواردەوری رزگاری دەبێت.

هەروەها بەر لە چەند رۆژێکیش سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەڕەشەی گەڕانەوەى بەڕێوەبردنی کەناڵی پەنەماى بۆ ژێر دەسەڵاتی وڵاتەکەی کردبوو، ئەوەش لە ترسی کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن چین و توڕەبوونی لە زیادکردنی باج لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ئەمریکا.

لە لایەکی ترەوە جۆنیۆر کوڕی ترەمپ سەردانی گرینلاند دەکات بەبێ ئەوەی لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی دوورگەکە کۆببێتەوە، کە باوکی هاوشێوەی کەنەدا چاوی لەسەرێتی و ساڵی ٢٠١٩ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا داوای کڕینی لە حکومەتی دانیمارک کردبوو، ئێستاش هەمان داوای دووبارە کردوەتەوە و پێی وایە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا و ئازادی جیهانییەوە.













گەلەری