سەردێڕ:

ساڵی رابردوو ٤٥ هەزار کۆچبەر بەنایاسایی گەیشتوونەتە ئیسپانیا

PM:11:22:03/01/2025

4464 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەی ٤٦ هەزار و ٨٤٣ کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری وڵاتەکە.


ئەمڕۆ هەینی ٣ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو، ٦٣ هەزار و ٩٧٠ کۆچبەر بەشێوەی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا. هاوکات، چوونی کۆچبەران بۆ ئیسپانیا لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٪١٣ زیادیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا ٥٦ هەزار و ٨٥٢ کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە.

هەروەها، ئاژانسی پاراستنی سنووری یەکێتی ئەورووپا، فرۆنتێکس رایدەگەیێنێت، چوونی کۆچبەران لە مانگی یەک تاوەکو مانگی ١١ بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە ٪٤٠ کەمیکردووە، بەڵام چوونی کۆچبەران لە رێگەی زەریای ئەتڵەسییەوە ٪١٩ زیادیکردووە، کە بریتییە لە رێگەی ئاویی نێوان کیشوەری ئەفریقا و دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا.

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوێکی ئیسپانی بواری مافی مرۆڤیش دەڵێت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ساڵی ٢٠٢٤ هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیایان داوە و لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێنبوون، ١٠ هەزار و ٤٥٧ کەسە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری مردن یاخود بێسەروشوێنبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانی بۆ خراپی بەلەمەکان و مەترسیداری رێگەکە و کەمی سەرچاوەی رزگارکردنی کۆچبەران گەڕاندووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٤ وە زیاتر لە ١٦ هەزار و ٤٠٠ کۆچبەری ئەفریقایی لە رێگەی گەیشتنیان بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.

 

 













گەلەری