سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ترەمپ توانای وەستاندنی پوتینی هەیە و دەتوانێت شەڕی ئۆکرانیا و روسیا کۆتایی پێبهێنێت.
ئەمڕۆ هەینی ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دەتوانێت دەرئەنجامی ئەو شەڕە یەکلایی بکاتەوە کە نزیکەی ٣ ساڵە لەگەڵ روسیا بەردەوامە، هاوکات هاوکار بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە دوای دەستبەکاربوونی وەک
سەرۆک لەم مانگەدا، یەکێک دەبێت لە یەکەم سەردانیکەرانی واشنتۆن و دەشڵێت، ترەمپ دەتوانێت
لەم شەڕەدا یەکلاکەرەوە بێت، و توانای ئەوەی هەیە پوتین بوەستێنێت، یان یارمەتیمان
بدات بۆ وەستاندنی پوتین، ئەو توانای ئەوەی هەیە ئەو کارە بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، لەپێشینە سەقامگیرکردنی هێڵی پێشەوەیە لە سەرەتای ساڵی
نوێدا و پوتین ترسی لە دانوستان هەیە، چونکە رەنگە شکستێک بۆ روسیا پێکبهێنێت.
باسی لەوەشکرد، گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە بۆ ئۆکرانیا بە واتای
بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەمنیی بەهێز لە هاوپەیمانەکانی و پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەورووپا
و وەرگرتنی بانگهێشتنامە بۆ پەیوەستبوون بە رێکخراوی (ناتۆ) کە بیرۆکەیەکە کە مۆسکۆ رەتی
دەکاتەوە و هەر گەرەنتییەکی ئەمنیش بەبێ ئەمەریکا، بێگومان دەبێتە گەرەنتییەکی
لاواز بۆ ئۆکرانیا.