سەردێڕ:

عێراق؛ هەناردەکردنی نەوت بۆ سوریا دەستپێدەکاتەوە

PM:05:38:03/01/2025

2132 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی سەرچاوەکان لەحکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت بکات بۆ سوریا.


ئەمرۆ هەینی ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، پێگەی عەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكات بۆ سوریا، بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە حکومەتی عێراق لەلایەن هەریەکە ئەمریکا و تورکیاوە، گفتوگۆی لەگەڵ کراوە، سەبارەت بەگرنگی رێکخستنی دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت بۆ سوریا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، حكومەتی عێراق دەیەوێت پشت بە میكانیزمێكی نوێ ببەستێت كە زۆر وردتربێت بۆ گەیاندنی نەوت بە دیمەشق، بەڵام حكومەتی عێراق تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەم پرسەوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حكومەتی عێراق لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، هەناردەی نەوتی بۆ سوریا راگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییەی لەو وڵاتە روویدا، بەر لەكەوتنی ئەسەد، عێراق رۆژانە نزیكەی ٣٣ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی سوریا دەكرد، ئەمە جگە لە ناردنی ١٢٠ هەزار تەن نەوتی رەش بەشێوەی مانگانە.

هەروەها، راوەستانی هەناردەی نەوتی عێراق، قەیرانی سوتەمەنی لەسوریا گەورەتركردووە، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شام.















گەلەری