سەردێڕ:

چەکدارێک بەهۆی دەمەقاڵێوە ١٢ کەس دەکوژێت

PM:11:54:02/01/2025

6072 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی مۆنتینێگرۆ رایگەیاند، لە شارۆچکەی سێنتینیا، پیاوێک ١٢ کەسی کوشتووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ بەپێی ماڵپەری سی ئێن ئێن، ئەندریانا ناستیک، داواکاری گشتی پۆلیسی مۆنتینیگرۆ، بە ميدیاکانی راگەیاندووە "ئەلکساندەر ئاکۆ مارتینۆڤیچ، تەمەن ٤٥ ساڵ، دوای ئەوەی لە چێشتخانەیەکی شارۆچکەکەدا لەگەڵ چەند کەسێکدا دەمەقاڵێی بووە، ئەمڕۆ بەیانی زوو تەقەی لە چوار کەس کردووە و کوشتوونی، دواتر هەشت کەسی تری بە فیشەک کوشتووە، کە دوانیان منداڵن".

هاوکات، وەزیری  ناوخۆی مۆنتنیگرۆش راگەیاندووە، "بکوژەکە، کاتێک لە لایەن پۆلیسەوە لە ماڵەکەی خۆیدا گەمارۆ دراوە، فیشەکی بە خۆیەوە ناوە و پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، مردووە".

هەروەها، پۆلیس، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، بکوژەکە کەسێکی هەمیشە مەست بووە و زانراوە کە چەکی بێمۆڵەتی پێ بووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرێکی ناوەندیی پزیشکیش رایگەیاند، "لە ئەنجامی شەڕ و ئاژاوە لە جەژنی سەری ساڵی نوێدا، چوار کەسی تر بریندار بوونە، باری تەندروستی یەکێکیان خراپە.

ئەوە لەکاتێکدایە، مۆنتینێگرۆ، وڵاتێکی بچووکی ناوچەی بەڵقانە و دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای سێربیا و پایتەختەکەی بۆدگۆریتشایە.













گەلەری