سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە مەراسیمی كردنەوەی ژمارەیەك پرۆژەی كەرتی نەوت لە قەزای بێجی پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند، "پلانمان ئەوەیە بێجی ببێت بە گەورەترین شاری پیشەسازیی نەوت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی کانونـی دووەمـی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتێك كە رۆژانە زیاتر لە ٤ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت ناتوانێت بەردەوام بێت لە هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان و غاز.
ئەوەشی خستەڕوو، هەنگاوی گەورەمان هەڵگرتووە
لە چارەسەری كێشەكان، بەتایبەتی لە بابەتی سوتانی غازدا، ئەمەش لەڕێگەی ئەو گرێبەست
و ریككەوتنانەی كە كراون کە بۆ راگرتنی سوتانی غازی هاوڵ بەڕێژەی ٠٪ تاوەكو ساڵی ٢٠٢٨یان
دیاریكردووە.
هاوکات سودانی وتیشی، هێڵی بۆری ستراتیژیی بەسرە - حەدیسە كە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەرداوە بە توانای زیاتر لە ٢ ملیۆن بەرمیلە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەبری ئەوەی لە بازاڕە جیهانییەكاندا
بیفرۆشرێت، بەرەو ئەوە دەچن بڕێكی زۆری بەرهەمی نەوتی خاو لە پیشەسازییە نەوتییەكاندا
بەكاربهێنن بەهۆی سودەكانی و رەخساندنی هەلی كارەوە.