PM:07:26:01/01/2025
1552 جار خوێندراوەتەوە
کۆمپانیای گشتى بەرهەمهێنانى دەرمانى عێراق رایگەیاند، لە ساڵى رابردوودا ٢٠٠ جۆری دەرمانیان بەرهەمهێناوە و جەختیش دەکاتەوە لە چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا دەگەنە ئاستى خۆبژێوویی لە بەرهەمهێنانى دەرماندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتى بەرهەمهێنانى دەرمانى عێراق، لە سامەڕا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤، نۆ کۆگاى گەورەشیان وەرگرتووە کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بۆ هەڵگرتن و خستنە بازاڕی نوێ دیزاین کراون.
دەشڵێت، کارگە نوێیەکانیان بە هێڵی بەرهەمهێنانی مۆدێرن بە نوێترین تایبەتمەندی
نێودەوڵەتی ئامادە دەکرێن، لە رێگەی هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت.
روونیشی کردووەتەوە، پشتبەستنی تەواو بە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی
ناوخۆ لە عێراق لە ماوەی ٤ بۆ ٥ ساڵدا بەدی دەهێنرێت، دوای دامەزراندنی کارگەی نوێ
کە مۆڵەتیان لە وەزارەتی تەندروستی وەرگرتووە بۆ کۆمپانیاکان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندبوو، لە ئێستادا
بەرهەمی ناوخۆ لە دەرمان بەڕێژەى لەسەدا ٣٥ پێداویستى ناوخۆ پردەکاتەوە و پلانیشیان
هەیە رێژەکە بەرزبکەنەوە.