PM:05:07:01/01/2025
8616 جار خوێندراوەتەوە
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، کارکردنیان لە سەکۆی ئەلکترۆنی راگرت، بەڵام مامەڵەکان لە رێگەی بانکە باوەڕپێکراوەکانەوە بەردەوام دەبن، ئەوەش دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت لە رووی داراییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردەوە، کۆتاییان بە کارکردن لە سەکۆی ئەلکترۆنی هێناوە، بەڵام پارەدارکردنی بازرگانان و پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران هەر بەردەوام دەبێت و حەواڵە داراییەکانیش لە رێگەی بانکە باوەڕپێکراوەکانەوە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رێگەی سەکۆی ئەلکترۆنییەوە سەرکەوتنی گەورەیان
بەدەستهێناوە لە مامەڵە دەرەکییەکان و جگە لە دۆلار مامەڵەیان بە چەندین دراوی دیکەی
بیانییەوە کردووە و ئەوەش دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت لە رووی داراییەوە.
باسی لەوەشکردووە، ئەو دەستکەوتانە بووەتە هۆی بەدیهێنانی سەلامەتی لە
گواستنەوەی مامەڵە داراییە دەرەکییەکان و هەروەها دەبنە هۆی بە دیهێنانی سەقامگیری
دارایی و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و بەرزکردنەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند،
سەکۆی ئەلکترۆنی هەڵدەوەشێنێتەوە بەو شێوەیەش رێگری دەکەن لە بە قاچاخبردنى دۆلار
بۆ دەرەوەى عێراق.