لە دوای ١٢ کاتژمێری تر، جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی ٢٠٢٤ دەکات و پێ دەنێتە ساڵی ٢٠٢٥ەوە، بەڵام لەیەک کاتدا خەڵک لەسەر زەوی پێشوازیی لەو ساڵە ناکەن و ئاهەنگی بۆ ناگێڕن، هەروەها دوو ناوچە هەیە کە جیاوازیی کات تیایاندا یەک شەو و رۆژی تەواوە.
هاتنی شەوی سەری ساڵ ساتێکە بۆ کۆتایی ساڵێک و چوونە ناو ساڵێکی نوێ بەهەموو چیرۆک و یادەوەرییەکانیەوە، کە زۆرێک لە وڵاتان بە ئاهەنگ و یاری ئاگرین و هیوایەکی گەورەوە پێشوازیی لێدەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانیان و دروستکردنی گۆڕانکاریی لە ژیانیاندا لەو ساڵە نوێیە.
بەڵام بەو پێیەی زەوی خڕە و بەچواردەوری خۆردا
دەسوڕێتەوە، هەموو مرۆڤەکان ناتوانن لەیەک ساتدا ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ بگێڕن و چەند
پێگە و وڵاتێک پێش هەموو ناوچەیەکی تر یەکەم
ساتی هاتنی ساڵی نوێ دەبینن و دەست بە هەڵدانی یاری ئاگرین دەکەن.
زۆرێک پێی وایە ئوسترالیا یەکەم وڵاتە کە پێشوازیی
لە ساڵی نوێ دەکات کە ئەوەش راست نیە، چونکە دوورگەی (کریتیماتی) کە بە دوورگەی
(کریسمس) یش ناودەبرێت، وێڕای ئەوەی راستەوخۆ دەکەوێتە باشوری دوورگەی هاوای لە زەریای
هێمن و لەسەر هێڵی درێژیی ١٠ هەڵکەوتووە، کەچی بە نزیکەیی بەر لە رۆژێکی تەواو یەکەم
ساتەکانی ساڵی نوێ بەخۆوە دەبینێت.
لەو کاتەدا لە زۆر شوێن نەوەک شەوە، بەڵکوو هێشتا
رۆژە و دەبێت چەند کاتژمێرێکی درێژ تێپەڕبێت بەر لەوەی کۆتایی بە دواین رۆژی ساڵیان
بێت، بۆ نمونە لە بەریتانیا کاتژمێر ١٠ـی بەیانی ٣١ ـی مانگی دوانزەیە بە کاتی گرینچ
و هاوڵاتیە بەریتانییەکان لەگەرمەی جوڵە و کارکردندان.
دوای کاتژمێرێکیش واتە لە ١١ـی پێش نیوەڕۆ بە
کاتی گرینچ، دوورگەی بچوکی (تۆنگا) لە زەریای هێمن لە پاڵ نیوزلەندا و دەوڵەتی
ساموا کاتژمێر ١٢ـی شەو تێدەپەڕێن دەچنە ساڵی ٢٠٢٥ ەوە.
بەڵام لەبەرانبەردا هەمیشە ناوچەیەک یان وڵاتێک
لە دوای هەموو وڵاتێکی ترەوە دەچێتە ساڵی نوێوە و بەو بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
لەو چوارچێوەیەدا دواین بەشی زەوی کە پێ دەنێتە
ساڵی ٢٠٢٥ەوە دوورگەی (بەیکەر) و دوورگەی (هاولاند) دەبن و کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆ بە
کاتی گرینچ ئەو ساتە بەخۆوە دەبینن.
هەرچەندە ئەم دوورگانە بچوک و چۆڵن و خەڵک تیایاندا
ناژین، بەڵام لە ئەمریکا ئاهەنگیان بۆ دەکرێت بەو پێیەی بەشێکن لە خاکی ئەو وڵاتە.