وتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، ٩٠٪ـی پرۆژەى بەستنەوەى کارەباى عێراق بە کەنداوى عەرەبییەوە تەواو کراوە و پرۆژەى هێنانى کارەباش لە ئوردنەوە سەرکەوتوو بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ـی کانونـی یەکەمـی ٢٠٢٤، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە ساڵى نوێوە دەتوانن ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ بەسرە هاوردەبکەن لە کەنداوەوە پاشان بڕەکەى زیاتر دەبێت.
هاوکات وتیشى، "
لە رێگەى ئوردنیشەوە ٦٠٠ مێگاوات کارەبا هاوردە دەکرێت و پلانیان هەیە بیگەیەننە هەزار
مێگاوات.
هاوکات وەزارەتى
کارەباى عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، پلانیان هەیە لە رێگەى وزەى خۆرەوە بڕى کارەباى
نیشتیمانى زیاتر بکەن و کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، عێراق بۆ کارەباى ٢٤ کاتژمێرى پێویستى بە نزیکەى ٤٠ هەزار مێگاوات
کارەبا هەیە و لەم کاتەدا کەمتر لە ٢٧ هەزار بەرهەم دەهێنێت.