سەردێڕ:

بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت؛ پارتی و یەکێتی دووبارە خۆیان وەک نەیار پیشان دەدەن

AM:09:04:23/11/2024

936 جار خوێندراوەتەوە

لە سەروبەندی یەکلابوونەوەى ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی دووبارە و وەک هەمیشە کای کۆن بە با دەکەن و یەکتر تۆمەتبار دەکەن و بەحساب وای دەرەخەن کە نەیاری یەکترن، ئەمەش لە بەرامبەر دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەڕەیەکی ناکۆکی لەگەڵ یەکێتیدا هەڵدایەوە و ئەو سنورەى کە یەکێتى تێیدا دەسەڵاتدارە بە دامەزراندنى کارگەی مادەى هۆشبەر و بازرگانى پێوەکردنى تۆمەتبارکرد.

هەر لەبارەی خۆناکۆک نیشاندانەوە، بافڵ تاڵەبانی لە کۆنفرانسی مێری لە کۆتایی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەوەی لە کاتی بانگەشە وتومانە تەنها قسە بووە و دوای بانگەشە و هەلبژاردن شتەکان جیاوازن و دەبیت لایەنەکان رێککەون.

نیشاندانی ناکۆکی پێدەچیت یاریەکی یەکێتی بێت تا دوای هەڵبژاردنی عێراق کە بریارە ساڵى داهاتوو بکرێت، لەلایەک بۆ ئەوەی وا خۆی نیشان بدات دژی پارتییە و ئەو بەڵێنانەى لەکاتی بانگەشە بە لایەنگرانى حزبەکەى داوە بیباتە سەر، تا لە هەڵبژاردنەکەى عێراق کاریگەری لەسەر دەنگدەران نەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە تا ئەو کاتە پۆستی سەرۆک کۆمار مسۆگەر بکاتەوە و بیکاتە بەشێک لە دانوستانەکان.

سەرجەم ئاماژەکانیش بەو ئاڕاستەیەن، پارتی و یەکێتی بەم ناکۆکییە روکەشەیان و بێ گوێدانە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و قەوارەی هەرێم لە بەرامبەر قەیران و گرژییەکانی ناوچە و نەمانى شەرعیەتى دامەزراوەکان و خراپی دۆخی ئابوری خەلک، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پرسی پێکهێنانی حکومەت کە دووبارە شەرعیەت دەداتەوە بە دامودەزگاکانی هەرێم بە هەڵپەسێردراوی جێبهێڵن و ئەوەی گوێی پێ نەدەن دۆخی خەڵک و بێکاری گەنجان و خراپی دۆخی ئابوری و ئیداری و شەرعی هەرێمە.













گەلەری