سەردێڕ:

چەکدارانى فەڵەستین ئامادەیی خۆیان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند

PM:06:10:15/11/2024

1944 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەکی باڵا لە چەکدارانى فەڵەستین رایگەیاند، ئامادەن بۆ راگرتنى جەنگی غەززە بە مەرجێک ئیسرائیل پابەندى رێککەوتن بێت و داواشى لە دۆناڵد ترەمپ کرد فشار بخاتەسەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە راگرتنى جەنگەکە.


رۆژنامەى "زە گاردیان"ـى بەریتانى لە زاری باسم نەعیم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی چەکدارانى فەڵەستینەوە بڵاویکردەوە، ئامادەن جەنگی غەززە رابگرن.

ئەو بەرپرسە داواشی لە ئیدارەی نوێى ئەمەریکا و ترەمپ کردووە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی جەنگ لە غەززە و ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین.

سەبارەت بە داواکارییەکانیان بۆ رێککەوتن بەرپرسەکە باسی لەوە کرد، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ئاڵوگۆڕکردنی دیل و گیراوەکان، رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەسپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە داواکارییە گرنگەکانی ئەوانە بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.













گەلەری