سەردێڕ:

ئیسرائیل داوا لە دانیشتوانی ٢١ گوندی لوبنان دەکات گوندەکان چۆڵبکەن

PM:04:48:11/11/2024

1344 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، داوا لە ٢١ گوندی باشووری لوبنان کردوووە گوندەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە بۆردوومان دەکرێن.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەفیخای ئەدەرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە ئێکس رایگەیاند، بەهۆی چالاکییەکانی گروپی چەکداری حیزبوڵاوە سوپاکەیان هێرش دەکاتە سەر ٢١ گوندی باشووری لوبنان.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە دانیشتوانی گوندەکانی شيحين، جبين، ئەبو شاش، شاما، مجدل زون، ئەلمنسوري، زبقين، ئەلراشیدیە دەکەن گوندەکانی چۆڵبکەن.

باسی لەوەش کرد، ئاگادارییەکە گوندەکانی ئەلبرغليە، قاسميە، ئەلبيازە، ئەلناقورە، بنت جبيل، عيناتا، كونين، عيترون، ئلتەيبە، رب ئەلثلاثين، مركبە، بني حيان دەگرێتەوە.

دەشڵێت، "بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیتان، پێویستە بەبێ دواکەوتن گوندەکانیان چۆڵ بکەن، هەرکەسێک لە نزیک ئەندامانی حزبوڵڵا، یان دامەزراوەکانی، یان چەکەکانی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیلەوە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوامە و بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستى لوبنانیش ، له‌ سه‌ره‌تای هێرشەکانى ئیسرائیلەوە زیاتر لە دوو هه‌زار و ٨٦٧ كه‌س کوژراون.

هاوکات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست پاڵپشت بە مانگە دەستكردەكان بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی ٢٥٪ـی باڵەخانەكانی ٢٥ شار و شارۆچكە لە باشوری لوبنان كە نزیكی سنوری ئیسرائیلن خاپوركراون یان زیانیان پێگەیشتووە.

هاوکات، ئیسرائیلیش دەڵێت هێرشەکان لە وەڵامى هێرشە موشەکییەکانى گروپە چەکدارەکانى لوبنانە بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل.













گەلەری