سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی ١٠

PM:12:35:11/11/2024

5356 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم نەدراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ـی هەرێم نەدراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، گرفت لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکاندا هەبووە و هەرێم گرفتەکانی چارەسەر نەکردووە.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەسەر چەند پرسێکی تایبەت کۆببێتەوە، مووچە و رادەستکردنی داهاتی ناوخۆش یەکێک دەبن لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان.

دوێنێش، چاوگێکی ئاگادار لە بەغداوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم حکومەتی کاربەڕێکەرە کە داوای ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دیناری کردووە، ئەو بڕەش زۆرە و بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و دەیانەوێت هۆکارەکەی بزانن.

ئەوەشی خستە روو، لە هەمواری بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دیاری کراوە ٩٦٥ ملیارە بەڵام حکومەت ئەم بڕەی زیاد کردووە و وەزارەتی دارایی عێراق ئەمە رەت دەکاتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی نووسراوێک دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە بدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی تەمویلی مووچە دوانەکەوێت بەڵام هەرێم پابەند نییە و هەر جارە و بەبیانوویەک ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دوادەخات.













گەلەری