سەردێڕ:

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا کەمی کردووە

PM:11:21:03/11/2024

1748 جار خوێندراوەتەوە

کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کەمی کردووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، هەفتەی رابردوو عێراق رۆژانە نزیکەی ٢١٦ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە، ئەوەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، رۆژانە ٢١ هەزار بەرمیل نەوت کەمی کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەفتەی رابردوو ئەمریکا لە ١٠ وڵاتی سەرەکییەوە بڕی پێنج ملیۆن و ٢٩٩ هەزار بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە، ئەوەش بەراورد بە هەفتەی پێشووتر رێژەکەی کەمی کردووە، بەوپێیەی لەو هەفتەیەدا ئەمریکا بڕی ٥ ملیۆن و ٦٤٧ هەزار بەرمیلی هاوردە کردووە.

باس لەوەش کراوە، کەنەدا لە ریزبەندیی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین نەوتیان هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە دوای ئەویش هەریەکە لە مەکسیک، ڤەنزوێلا، عێراق، کۆڵۆمبیا، نەیجیریا، لیبیا، بەرازیل، ئیکوادۆر و سعودییە پلەکانی دووەم تا دەیەمیان گرتووە.













گەلەری