سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم

PM:08:24:31/10/2024

22868 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەپلانیدایە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە بە چاککراوی بنێرێتەوە بۆ بەغدا، هەر ئەوەش هۆکارە بۆ زیاتر دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی ١٠ لە بەغداوە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم تەنها لیستی مووچە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە میزانی موراجەعە لەنێویشیاندا کەڵەکەبوونی ئەو قەرزانەن لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەر کە وەزارەتی دارایی عێراق پێی داوە، هاوکات ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ مووچەی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤ پێی دراوە.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا خەرجییەکانی هەرێم لەسەرووی داهاتەکانییەوەیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی عێراق داوای روونکردنەوەی لە حکومەتی کاربەڕێکەر کردووە.

هەر ئەمڕۆش، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی لیستی مووچەیان ناردووەتەوە بۆ هەرێم بۆ چاککردنی تا ئێستا لیستەکەیان بۆ نەنێردراوەتەوە. وتیشی، ئەگەر هەرێم زوو لیستەکە بنێرێتەوە دەست دەکەن بە پارەدارکردنی هەرێم، بەڵام ئەگەر ناردنەوەی لیستەکە دوابخرێت بۆکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ـی عێراق پارەدارکردنەکە دوادەکەوێت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت،لە کۆتایی مانگی ١٠ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی گەیاندە وەزارەتی دارایی عێراق، بە گوێرەی لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێمیش بێت گرفتەکانی مووچە هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

چاوگێکیش لە حکومەتی کاربەڕێکەر ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا لە لیستی مووچەی مانگی ١٠ـدا تێبینی هەیە و لیستەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ شاندەکەی هەرێم و پێی وتوون، تاوەکو چاکی نەکەن لێتان وەرناگرین.

گۆران عەبدوڵا- بەغدا 












گەلەری