PM:08:08:27/10/2024
14596 جار خوێندراوەتەوە
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم بچێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی ١٠ رادەستى وەزارەتی دارایی عێراق بکات، بەڵام بەپێى زانیارییەکان سەردانەکە دواخراوە بۆ سبەی دووشەممە.
ئەوەشی خستووەتە روو، هۆکاری دواخستنى سەردانەکە، هەبوونى کەموکوڕى بووە لە لیستى مووچە، ئەوە جگە لەوەى کە داوایان لێکراوە وێنەیەکى لیستەکەش بە نووسینەکى و لەسەر کاغەز لەگەڵ خۆیان ببەنن، بۆیە ئەگەر لیستەکە بەشێوەی نووسینەکی ئامادە بکرێت، ئەوا شاندەکە سبەینێ سەردانی بەغدا دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، لە شاندەکەدا بەشی ژمێریاری و موازەنەی وەزارەتی
دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری تێدا دەبێت، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر ئەو
شاندانەی چوونەتە بەغدا توانای بڕیاردانیان نەبووە، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت
کە وردبینی لە لیستی مووچەدا کرد و هەر گرفتێک هەبوو، راستەوخۆ لەوێوە چارەسەری بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ چاوگێک لە
وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،دوو هەفتە پێشتر داواى
لیستى مووچەیان لە هەرێم کردووە، بەڵام هێشتا لیستەکەیان نەناردووە، بەبێ ئەوەى
هیچ روونکردنەوەیەک لەسەر دواخستنى ناردنى لیستەکە بدەن.
پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە
کردبوو، ئەگەر هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا لیستی مووچە بنێرێت، ئەوا حکومەتی
عێراق لەگەڵ پارەدارکردنی وەزارەتەکانی خۆی پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت و تاوەکو
دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.