سەردێڕ:

سودانی: تا ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە سوتان و بەفیڕۆچوونی غاز دەهێنین

PM:08:35:15/10/2024

988 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی سوتان و بەفیڕۆچوونی غاز بەردەوامە و تا ساڵی ٢٠٢٨ کۆتایی بە سوتان و بەفیڕۆچوونی غاز دەهێنن. دەشڵێت، "هەنگاوی پێویست بۆ رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە دەگرینە بەر".


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی لەوە کردووە، سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بە سوتان و بەفیڕۆچوونی غاز تا ساڵی ٢٠٢٨.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لیژنەیەکی تایبەتمەندیان بە هاوبەشی نێوان شارەوانیی بەغدا و دەستەی وەبەرهێنان و بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان پێکهێناوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

لەبارەی گرنگیدان بە ژینگە سودانی باسی لەوە کردووە، حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی هەر پڕۆژەیەک کە یارمەتیدەرە لە پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەری بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی رابردوودا محەمەد خەزیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز رایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی سوودوەرگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی سووتانی غاز بەرز بووەتەوە بۆ ٦٥٪، ئەوەش وادەکات تا کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی غازیش رابگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا زیاتر لە سێ ملیۆن پێ سێجا توانای بەرهەمهێنانی غازیان هەیە و تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیە زیاتر دەکەن.













گەلەری