سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەڵبژاردنی ٢٠ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە و کۆتا دەرفەتە بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە خراپە و کۆتایی پێهێنانی ئەو مەینەتییەی کە لە سایەی حکومڕانی بنەماڵەی یەکێتی و پارتی بەرۆکی خەڵکی گرتووە. دەشڵێت،" ٢٠ـی ١٠ خەڵک بڕوات بۆ دەنگدان، پشت بەخوا ئەم دەسەڵاتە رادەماڵین".
ئەمڕۆ سێشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە کۆتا دەرفەتە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی بەو حوکمڕانییە خراپ و شکستخواردووەی پارتی و یەکێتی بهێنن. وتیشی، "خەڵک نەڕوات بۆ دەنگدان، دوای هەڵبژاردن دۆخەکە خراپتر دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو سەروەتەی بنەماڵەی
بارزانی و تاڵەبانی دزیویانە ملیاران دۆلارە، پشت بەخوا دەسەڵات بگرینە دەست ئەو
سەروەتە دەگەڕێنینەوە کە دوو بنەماڵەکە دزیویانە".
باسی لەوەش کرد، داوا لە هەموو خەڵکی هەرێمی
کوردستان دەکەم ٢٠ـی مانگ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە لیستی ١٥٧ـی
نەوەی نوێ. وتیشی، پشت بەخوا نەوەی نوێ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەگەڕێنێتەوە.
شاسوار عەبدولواحید بۆ خەڵک: ئەوەی لە چوار
ساڵی داهاتوودا حکومتان دەکات بە دەنگی ئێوە دیاری دەکرێت، هەربۆیە ئەگەر نەچن بۆ
دەنگدان ئەم دەسەڵاتە خراپە بە دەنگی کەم کورسی زۆر دەبات و دۆخەکە خراپتر دەبێت.
ئەوەشی خستە روو، بڕوا بە پڕوپاگەندەکانی
دەسەڵات مەکەن بۆ ساردکردنەوەی خەڵک لە دەنگدان، دەنگ بدەن و کۆتایی بە حکومڕانیی
خراپ و شکستخواردووی دوو بنەماڵەکە بهێنن.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد،
"دەنگ بدەنە نەوەی نوێ، ماف و کەرامەتی هاوڵاتیان دەپارێزین، مووچە و ژیانی
خەڵک باش دەکەین بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە".
راشیگەیاند، لە سلێمانی نەوەی نوێ رکابەری
دەسەڵاتی یەکێتییە، لە هەولێریش نەوەی نوێ رکابەری دەسەڵاتی بارزانییە. وتیشی، بەشێکی
ئەوانەی پێشتر بایکۆتیان کردبوو، دەنگ بدەنە نەوەی نوێ، دەبێتە هێزی یەکەم و
دەسەڵات دەگرێتە دەست.
لەبارەی پلانەکانی نەوەی نوێ دوای بوون بە
هێزی یەکەم، شاسوار عەبدولواحید وتی، "دوای بوونمان بە هێزی یەکەم و گرتنەدەستی
دەسەڵات، لەگەڵ بەغدا رێک دەکەوین و کێشەی مووچە لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەکەین،
بەجۆرێک مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێک لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان وەر بگرن".
ئەوەشی خستە روو، "جگە لەوە بازاڕ دەبوژێنینەوە
و ئەو باج و سەرانەیەی کە زیاد کراوە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، کەمی دەکەینەوە".
سەبارەت بە پڕۆژەکانیان بۆ توێژی گەنجان
باسی لەوە کرد، " کار و یەکەی نیشتەجێبوون و سولفەی هاوسەرگیری بۆ سەرجەم
گەنجانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دابین دەکەین، گرنگی بە سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەش
دەدەین لەپێناو دابینکردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتیان".