سەردێڕ:

ئەسما داوای جیابوونەوە لە بەشار ئەسەد دەکات

PM:06:07:20/12/2024

5032 جار خوێندراوەتەوە

ئەسما ئەسەد، خێزانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا لە ژیان و گوزەرانی مۆسکۆ ئاسوودە نییە و داوای جیابونەوەی لە بەشار کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لەندەن و لەوێ بژی.


ئەمڕۆ هەینی ٢٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی مۆدێرن دۆت ئاز بڵاویکردەوە، میدییاکانی روسیا زانیاری تازەیان لەسەر خێزانەکەی بەشار ئەسەد بڵاوکردووەتەوە دوای ئەوەی لە دیمەشق هەڵاتن و لە مۆسکۆ گیرساونەتەوە و حکومەتی روسیا مافی پەنابەرێتی پێدان.

هاوکات، بە گوێرەی میدیاکانی روسیا ئەسما ئەسەد دەیەوێت لە بەشار ئەسەدی مێردی جیاببێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتەوە لەندەن، بۆ ئەمەش داواکارییەکی پێشکەشی دادگای مۆسکۆ کردووە بۆ ئەوەی رێگەی پێ بدات و بە فەرمی لە مۆسکۆوە بەرەو لەندەن بچێت، بەو پێیەی خۆی لە بنەڕەتدا هاوڵاتیی بەریتانییە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، هەرچەندە بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سوریا خۆیی و ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن حکومەتی روسیاوە بە پەنابەری مرۆیی قبوڵکراون، بەڵام ئێستا لە ژێر چاودێرییەکی چڕ و وردی هێزێکی تایبەتی روسیادان و هەموو چالاکییەکی سیاسی یان هەوڵی دەرچوونیان لە مۆسکۆ و روسیا لێ قەدەغەکراوە.

ئەسما فەواز ئەخرەس، لە ١١ـی ئابی ١٩٧٥ لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەدایکبووە و هەڵگری رەگەزنامەی سوری و بەریتانیە، باوکی پزیشکی دڵ و دایکیشی دیپلۆماتکار بووە لە باڵیۆزخانەی سوریا لە لەندەن، لە ١٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٠٠ لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیریان کردووە و لە ٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ لەگەڵ رووخانی رژێمەکەی ئەسەدی مێردی، دیمەشقیان بەجێهێشت و ئێستا لەلایەن حکومەتی روسیاوە داڵدەدراون.













گەلەری