سەردێڕ:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: تاکە زەرەرمەند لە رێکنەکەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا هاوڵاتیانن

PM:10:37:14/10/2024

1648 جار خوێندراوەتەوە

مووچەخۆران لە چاوەڕوانی مووچەی مانگی نۆدا گەیشتنە ناوەڕاستی مانگی ١٠ سەرەڕای ئەوەی پارەی پێویستی مووچە لە بەردەستی حکومەتی کاربەڕێکەردایە. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، داوامان لە هەرێم کردووە بەشێک لە داهاتی ناوخۆی رادەست بکات و کۆتایی بە کێشەی مووچە بهێنێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، زیا حسناوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "داوا لە هەرێم کراوە کە دەبێت بەشێک لە داهاتەکانی رادەستبکات بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر ببێت و دەبێت هەرێم و بەغدا بگەنە ئەنجام چونکە زەررمەندی یەکەم لە نەدانی مووچە هاوڵاتیانی هەرێمن)

هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەواوی مووچەی مانگی ٩ـی مووچەخۆرانی هەرێمیان رەوانە کردووە و پارەی تەواو لەبەردەستی هەرێمە بۆ دابەشکردنی مووچە.

هاوکات، بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی و یەکێتی دەستی بەسەر پارەکەی بەغدادا گرتووە و نایدات بە مووچە.

لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوە کرد، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەشی ژمێریاری و بودجەی وەزارەت هاتوونەتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیری دارایی عێراق کردووە.

ئەوەشی خستە روو، شاندەکەی هەرێم، لە کۆبوونەوەکاندا داوای ٢٥٠ ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ.

دوێنێ یەکشەممە، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پابەندی رادەستکردنی هیچ داهاتێکی نەوتی نەبووە بە بەغدا.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە حکومەتی عێراق بەردەوام پارەی مووچەی بۆ هەرێم ناردووە و پارەی مووچەی ساڵانەى هەرێمیش بۆ ١٣ ترلیۆن دینار زیادی کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتییان نەگەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا.

ئەوە لەکاتێدایە، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی، دوو هەفتەیە دەستى گرتووە بەسەر نزیکەى ترلیۆنێک دینارى بەغدا و ئامادە نییە لیستى مووچەى مانگى نۆ رابگەیەنێت.















گەلەری