سەردێڕ:

سروە عەبدولواحید: پارتی و یەکێتی بازرگانی دەکەن بە پارەی مووچەوە بۆیە دابەشکردنی دوادەخەن

PM:09:22:12/10/2024

1328 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بەغدا پارە بنێرێت و نەنێرێت پارتی و یەکێتی دابەشی ناکەن و دەیانەوێت هاوڵاتیان هەمیشە لە مەینەتیدا بژین. دەشڵێت، " ئەم هەڵبژاردنە نەوەی نوێ یەکەم بێت بەدڵنیاییەوە یەکەم کارمان چارەسەرکردنی مووچەیە لەڕێگەی بە بەبانکیکردنی".


ئەمڕۆ شەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، سەبارەت بە مووچە پارتی و یەکێتی درۆ دەکەن و ئەگەر راستگۆبن داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێ دەکەن. وتیشی، پارتی و یەکێتی بازرگانی بە پارەی مووچەوە دەکەن بۆیە دابەشکردنی دوادەخەن.

ئەوەشی خستە روو، کابینەکەی پارتی و یەکێتی دەستیان خستووەتە بینەقاقای هاوڵاتیان و مووچەکەیان پێنادەن، ناشیانەوێت مووچە بەبانکی بکرێت بۆ ئەوەی بە مووچە هاوڵاتیان بترسێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، "نەوەی نوێ بەرنامەی هەیە و ئەم هەڵبژاردنە یەکەم بێت بەدڵنیاییەوە یەکەم کارمان چارەسەرکردنی مووچەیە لەڕێگەی بە بەبانکیکردنی". وتیشی، نەوەی نوێ دوای بوون بە هێزی یەکەم لە هەڵبژاردندا، بەشێوەیەکی دەستووریی داهاتی نەوت و نانەوتی رێک دەخاتەوە.

لەبارەی هەڵبژاردن سروە عەبدولواحید باسی لەوە کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە کۆمسیۆن کردووە رێکاری توندوتوڵ بۆ هەڵبژاردنی هەرێم بگرنەبەر، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەڵێنی داوە باشترین هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدات.

باسی لەوەش کرد، کونسوڵخانە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێخکراوەکان چاودێرییەکی وردی هەڵبژاردن دەکەن و کۆمسیۆنی عێراق دەیەوێت هەڵبژاردنی ٢٠ـی ١٠ بۆ هەموو جیهان بگوازرێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ نەوەی نوێ دەنگێکی زۆری هێنا، کاندیدانی دەنگیان زۆر زیاتر بوو لە کاندیدانی پارتی و یەکێتی.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، پارتی و یەکێتی ترسیان لە بەشداریکردنی هاوڵاتیان هەیە لە هەڵبژاردن بەڕێژەیەکی زۆر، هەربۆیە گرنگە هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بە دەنگەکانیان سزای پارتی و یەکێتی بدەن، نەوەی نوێ تاقیبکەنەوە.

وتیشی، وڵاتانی دونیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە نەوەی نوێ دەکەن، هەربۆیە ئەگەر هاوڵاتیان لەم هەڵبژاردنەدا نەوەێ نوێ سەربخەن بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری دروست دەبێت.













گەلەری