سەردێڕ:

بازرگانیی هەرێم: دەست بە دابەشکردنی بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جوتیاران دەکرێت

PM:01:31:12/10/2024

1016 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٤٥ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم گەیشتووە و سبەینێ دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی دەکرێت.


ئەمڕۆ شەممە، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێڕاق ٤٥ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی ناردووە کە حەوتەم گوژمەیە.

ئەوەشی خستە روو، لەو بڕەی کە بەغدا ناردوویەتی، ٢٠ ملیار دیناری بۆ جوتیارانى سلێمانی، ١٥ ملیار دیناری بۆ جوتیارانی هەولێر و ١٠ ملیار دیناریشی بۆ جوتیارانی دهۆکە، تا ئێستاش بڕی ٢٨٨ ملیار دیناری دیکە ماوە بنێردرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٠ـی تەمموز پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێم کۆتایی هات، وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمیش رایگەیاند، وا بڕیار بووە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەر بگیرێت، بەڵام، بڕی ٦٨٥ هەزار و ٩٧٤ تۆنیان لە جوتیاران وەر گرتووە، ئەو بڕەی نەتوانراوە لە جوتیاران وەربگیرێت ١٤ هەزار و ٢٥ تۆن گەنم بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو گەنمە بەپێی ئەو مەرجانە نەبووە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دایناوە.













گەلەری