سەردێڕ:

سەری رەش و دەباشان؛ دوو موڵکی گرانبەهان و لەلایەن بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانییەوە داگیرکراون

PM:08:33:11/10/2024

3084 جار خوێندراوەتەوە

"سەری رەش و دەباشان" دوو موڵکی داگیرکراو؛ یەکەمیان بەهاکەى حەوت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و لەلایەن بنەماڵەی بارزانی داگیر کراوە، دووەمیان کە بەهاکەى دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە لەلایەن بنەماڵەى تاڵەبانییەوە داگیر کراوە، ئەم دوو موڵکە کە موڵکی حکومەتن بە نایاسایی لەلایەن ئەو دوو بنەماڵەیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.


سەری رەش بووەتە شوێنی نێشتەجێبوونی بارزانی و کوڕەکانی، بەپێی سۆراغی ئێن ئاڕ تی پێشتر شوێنی گەشتیاری بوو، ئێستا خەڵک و گەشتیاران ناتوانن سەردانی بکەن و دەبێت لە دوورەوە تەماشای بکەن.

رووبەرەکەی سێ هەزار دۆنمە کە دەکاتە حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مەتر دووجا، بەپێی وتەی چەند شارەزایەک بۆ ئێن ئاڕ تی، نرخی یەک مەتر زەوی لەو جێگەیە بە زیاتر لە هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەوپێیەش بەهای زەوییەکە دەکاتە ملیاران دۆلار، زەوییەکە موڵکی وەزارەتی گەشتوگوزارە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی بێ گەڕانەوە بۆ یاسا داگیریان کردووە.

نەک هەر شوێنی نێشتەجێبوونیان، بەڵکو بەناوی پاراستنی ئاسایشی سەری رەش، زەوی و زاری نزیکەی ٢٠ گوند دەستی بەسەردا گیراوە و رێگە نادرێت جوتیاران سەردانی زەوییەکان بکەن و بەکاریبهێنن. جوتیارانی ناوچەکەش دەڵێن، زەوییەکانیان تاپۆی هەیە و موڵکی باب و باپیرانیانە، بەڵام بێ قەرەبووکردنەوە زەوییەکانیان کوژاوەتەوە و بەناوییانەوە نەماوە و کراوەتە شوێنی سەربازی و قەدەغەکراو.

دووەم شوێن دەباشانە کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی تاڵەبانییە، رووبەرەکەی زیاتر لە هەزار دۆنمە کە دەکاتە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار مەتر دووجا، بەپێی خەمڵاندنەکان نرخی یەک مەتر زەویش لەو جێگە زیاتر لە هەزار دۆلارە، بەوپێیە بەهای زەوییەکە دەکاتە ملیاران دۆلار. هاوکات، بەپێی سۆراغی ئێن ئاڕ تی زەوییەکە موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵە، بەڵام بنەماڵەی تاڵەبانی داگیریان کردووە.

هاوشێوەی سەری رەش، تاوەکو دەستی بەسەردا نەگیرابوو، دەباشانیش شوێنێکی گەشتیاری بوو، هەرچوار وەرزی ساڵ دانشیتوانی شار ئێواران بۆ کات بەسەربردن روویان لێدەکرد، بەڵام ئێستا خراوەتە ژێر چاودێرییەکی چڕەوە. 

داگیرکردنی سەری رەش و دەباشان لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارێک، هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەناوی یاسای وەبەرهێنان و بەناوی پڕۆژە و گۆڕینی رەگەزی زەوی، تاپۆیان کردووە لەسەر کۆمپانیاکانیان و کردوویانە بە پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون.













گەلەری