کۆمپانیای شاومی چینی پلانی هەیە بۆ دروست کردنی مۆبایلێکی زیرەک کە شاشەکەی دەتوانرێت بەسەر دوو بەشی بچووکدا دابەش بکرێت و دواتر ئەو دوو بەشە بە شێوەیەکی موگناتیسی پێکەوە بنوسێنەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی 91mobiles، مۆدێلی مۆبایلی داهاتووی شاومی بەشێوەیەک دیزاین کراوە بۆ دوو نیوەی وەکو یەک دابەش ببێت و لەرێی چەند تووڵێکی موگناتیسی بچووکەوە لە تەنیشت یەکتر بەیەکەوە دەبەسترێنەوە.
هەریەک لە بەشەکانی مۆبایلەکە دەتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەکاربهێنرێت، بەشەکانی دەشێت لێک دووربخرێتەوە و وەک ئەوە دەربکەوێت کە مۆبایلەکە شکاوە و ٣٦٠ پلە بە چواردەوری یەکدا دەخولێنەوە.
هەروەها لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی شاومی ئاماژەیان بەوە کردووە کە دیزاینەکەی رێگە بە بەکارهێنانی جیاواز دەدات بۆ ئەم مۆبایلە لە هەردوو بەشەکاندا، واتا دەکرێت بۆ نموونە لە بەشێکیانەوە وێنە بگریت یان ڤیدیۆ تۆمار بکەیت لە کاتێکدا لە بەشەکەی تریانەوە سەیری فیلم دەکەیت.
جێگای سەرنجە ئەم دیزاینە تا رادەیەک هاوشێوەی ئەو شێوازە دیزاینەیە کە نۆکیا لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا پەیڕەوی لێکرد کاتێک لە پێشەنگی کۆمپانیاکانی مۆبایلدا بوو، مۆبایلی "نۆکیا٣٢٥٠".