سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی نەک هەر بەڵێنی گەڕانەوەی پاشەکەوتیان جێبەجێ نەکرد بەڵکو مووچەشیان بڕی

PM:11:56:10/10/2024

2124 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە ماوەی دەسەڵاتیاندا چەندین بەڵێنی سەر خەرمانیان بە هاوڵاتیان و مووچەخۆراندا، بەڵام هەموو بەڵێنەکانیان درۆ بوون و هیچیان جێبەجێ نەکرد. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕتیش، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی وەزارەتەکانیان راسپاردووە دواى هەڵبژاردن کامێراکانى پۆینت تو پۆینت بخەنەوە کار و دەست بکەنەوە بە وەرگرتنەوەى پێشینەکان و قەرز و باج و پارەى ئاو و کارەبا.


شەش ساڵ بەر لە ئێستا، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەڵێنی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەیان دا بەڵام حکومەتە کاربەڕێکەرەکەیان نەک هەر مووچەی خەڵکیان بڕی، بەڵکو ئێستاش کە بەغدا مووچەی مانگی نۆی ناردووە، بە بڕیارى هەردوو بنەماڵەکە دەستى بەسەردا گیراوە و دابەشكردنیان دواخستووە.

لەپاڵ ئەوەشدا، دابەشکردنی مووچەی وانەبێژانیشیان دواخست کە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دابەش بکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر بدەن.

هاوکات بەپێی زانیارییەکان، حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی مەسرور بارزانی بڕیاریداوە دوای هەڵبژاردن کامێراکانی تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت لەو ناوچانەی کە دانەنراون، دابنرێن و بخرێنەوە کار، سەرجەم وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیشیان راسپاردووە دوای هەڵبژاردن ئەگەر دەربچنەوە، دەست بکەن بە وەرگرتنەوەی پارەی ئاو و کارەبا و قەرز و باجی سەپێنراوی سەر خەڵک.

هەر بەپێی زانیارییەکان، حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە ئەگەری دەرچوونەوەیاندا بەنیازن دەستبکەنەوە بە وەرگرتنەوەی پێشبینەکان لە مووچەخۆران و هاوڵاتیان، بۆیە تەنها چارەسەر بۆ رێگری لە خراپتربوونی دۆخەکە چوونی هاوڵاتیانە بۆ دەنگدان لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەر و لابردنی ئەم دوو بنەماڵەیەیە لە دەسەڵات تا لە نەهامەتی رزگاریان ببێت.













گەلەری