لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ١٢٢ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەردی بناغەی دانراوە و تەواو نەکراون. هاوڵاتیانیش دەڵێن، بەرپرسانی هەرێم تەنها لە کاتی قردێلە بڕین و بانگەشەی هەڵبژاردن دێنە سنوورەکە و دوای ئەوە نابینرێنەوە.
چەند نموونەیەکی ئەو پڕۆژانە بریتین لە، رێگای دوکان-رانیە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردی بناغەی دانراوە، رێگای قەلادزێ-رانیە کە زیاتر لە ١٢ ساڵە بەردی بناغەی دانراوە، پردی دەروازەی قەڵادزێ کە زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردی بناغەی دانراوە، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی رانیە نزیکەی ١٣ ساڵە بەردی بناغەی دانراوە.
هاوکات، نەخۆشخانە ٢٩١ تەختیەکەی رانیە زیاتر
لە ١٠ ساڵە لەدوای دانانی بەردی بناغەکەی جێهێڵراوە، دەیان پڕۆژەی دیکەش لە
سنووری ئیدارەی راپەڕین هەن کە دوای خەرجکردنی سەدان ملیار دینار تیایاندا بە
تەواونەکراوی جێهێڵدراون.
هاوڵاتیانیش دەڵێن، چەندین ساڵە ئەو پڕۆژانە
لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە جێهێڵدراون و ئەوەش ئاماژەیە بۆ شکستهێنانیان لە
خزمەتکردنی خەڵک.
هەر یەکێک لەو پڕۆژە تەواونەکراوانەی سنووری
ئیدارەی راپەڕین بە ئامادەبوونی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بە مەراسیم و ئامادەکارییەکی زۆرەوە دانراون، زۆربەیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون و دوای کۆتایی
هەڵبژاردن بە تەواونەکراوی جێهێڵدراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سنووری ئیدارەی
راپەرین زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژە هەن کە دوای خەرجکردنی سەدان ملیار دینار تیایاندا بە
تەواونەکراوی جێهێڵدراون، لە ئێستاشدا لەبری تەواوکردنیان بەرپرسان بەردەوام بەردی
بناغەی پڕۆژەی دیکە دادەنێن.