سەردێڕ:

رێبوار ئەورەحمان: پارەی زیاتر لە مووچەیەک لەبەردەستدایە بەڵام بەمەبەست دابەش ناکرێت

PM:09:51:10/10/2024

1512 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر پارەی زیاتر لە مووچەیەکی لەبەردەستدایە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە مەبەست دابەشی ناکەن. دەشڵێت، "ئەگەر پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات بمێننەوە لە ساڵێکدا سێ مووچە دابەش دەکەن".


رێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پێی راگەیاندوون ئامێری نوێیان کڕیوە بۆ ئەوەی کارە نایاساییەکانی لیستی مووچەی هەرێم ئاشکرا بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت هاوکات بەغدا پارەیەکی زۆری بۆ هەرێم ناردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ، بەڵام پارتی و یەکێتی بە مەبەست مووچە دابەش ناکەن.

باسی لەوەش کرد، هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی گەورەترین مەترسین لەسەر هەرێمی کوردستان و لە خەمی رازیکردنی هاوڵاتیان نین و بیریان تەنها لای پارەیە بۆ گیرفانی خۆیان، ئەگەر لە دەسەڵاتیشدا بمێننەوە، ئەوا لە ساڵێکدا سێ مووچە دابەش دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا رێککەوتوون لەسەر ئەو سیناریۆیەی ئێستا کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا قسە بەیەک دەکەن، بەڵام دوای هەموو هەڵبژاردنێک پارتی و یەکێتی بەیەکەوە نەوت دەفرۆشن و سامانی هەرێم دابەش دەکەن.

راشیگەیاند، پارتی و یەکێتی چێژ لە ئازاردانی هاوڵاتیان و بەتایبەتی مامۆستایان و فەرمانبەران دەبینن، هەر بۆ ئەو مەبەستەش تەوتینی مووچە ناکەن و لیستی مووچە بە رێکوپێکی نانێرن بۆ بەغدا.

رێبوار ئەورەحمان ئاماژەی بەوەش کرد، فراکسیۆنی نەوەی نوێ تاکە لایەنە خانەنشینیی پەرلەمانی رەتکردووەتەوە، خاوەن بەڵێنەکانی بووە و خۆی نەفرۆشتووە، هەر یەکەم لایەنیش بوو کە ١١٩ واژۆی کۆکردەوە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وتیشی، بۆ باشکردنی ئێستا و داهاتووی هەرێم پێویستە هاوڵاتیان بەرێژەیەکی زۆر بەشداری هەڵبژاردن بکەن و نەوەی نوێ بکەن بە هێزی یەکەم.

باسی لەوەش کرد، پارتی و یەکێتی کار لەسەر بێ ئومێدکردنی هاوڵاتیان دەکەن بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، بەڵام گۆڕانکاری و پێچەوانەکردنی هاوکێشەکە بە بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا دێتە کایەوە.













گەلەری