سوپای روسیا رایگەیاند، ٩٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای روسیا رایگەیاند، ٩٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگریش دەڵێت، ٤٧ـیان لە ناوچەی کراسنوداری باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە خراونەتە خوارەوە.
باسی لەوەش کردووە، ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
لەسەر ناوچەی کۆرسک خراونەتە خوارەوە و نۆشیان لە ناوچەی رۆستک و چواریان لە
بریانسک و دوانیان لە بێلگۆرد و دوانیش لە نیمچە دورگەی قرەم خراونەتە خوارەوە.
هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر روسیا لە دوای
ئەوە دێت دوێنێ، ماریا
زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی
بێ لایەنە بێتە سەر مێزی ئاشتی لەگەڵ روسیا نەک کاریگەری ئەمریکا و ناتۆی لەسەر
بێت.
هاوکات، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا
دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت پێویستە دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی ببێت
.
لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە جەنگی ئۆکرانیا و روسیا بە فەرمانی
ڤلادیمیر پوتین دەستی پێکردووە و تا ئیستاش بەردەوامە و تەنها لە سەرەتای
جەنگەکەدا چەند جارێک شاندی ئاشتی هەردوو وڵات کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتە هیچ
رێککەوتنێک.
روسیا باس لەوە دەکات، پێویستە ئۆکرانیا دەستبەرداری ئەو ناوچانە
ببێت کە سەربازانی روسیا دەستیان بەسەردا گرتووە و دەشبێت وڵاتانی رۆژئاوا و
ئەمریکا لە هاوکارییەکانیان بوەستن بۆ ئۆکرانیا و هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکە
نەدەن.
لایخۆشییەوە، ئۆکرانیا بە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا
و ئەڵمانیا دەستی کردووە بە هێرشی پێچەوانە و چەند ناوچەیەکی روسیای لە سنووری
وڵاتەکەی داگیر کردووە و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، بەردەوام دەبن
لە هێرش و سازش لەسەر زەوییەکانیان ناکەن.