سەردێڕ:

جوتیار عادل: ناکۆکی قوڵمان لەگەڵ یەکێتیدا نییە و تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە

PM:02:21:10/10/2024

1916 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی راگەیاند، پارتی و یەکێتی هیچ ناکۆکییەکی قوڵیان نییە و ئەوەی هەیە تەنها کێبڕکێیەکی هەڵبژاردنە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی راگەیاند، پارتی هیچ ناکۆکییەکی قوڵی لەگەڵ یەکێتی نییە و یەکێتیش بە هەمان شێوە، ئەوەی هەیانە کێبڕکێیەکی هەڵبژاردنە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ.

پێشتریش، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەر لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاشکرا وتی، لەگەڵ پارتى پێکەوە بڕیار دەدەن و هەر پێکەوەش ئیدارەى حکومەت دەکەن. دەشڵێت، غەدرە ئەگەر بڵێین تەنها پارتى بڕیاریداوە، بەڵام ئێستا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن یەکێتى وەک ئەوەى نە باى دیبێت و نە بۆران لەگەڵ پارتی شەڕی ساختەی میدیایی دەکەن.

پارتی و یەکێتی شەریک و هاوبەشی یەکتر لە گەندەڵی و دزینی داهاتی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی کوردستان، بەدرێژایی ٣٣ ساڵ ئەو دوو حزبە پێکەوە بڕیاردەدەن و موچە دەبڕن و قەیران لە دواى قەیران دروستدەکەن.

پارتی و یەکێتی، پێکەوە نەوتیان فرۆشت بەڵام ئێستا یەکێتی لە بانگەشە باس لە بە تاڵانبردنی نەوتی هەرێم لەلایەن پارتیەوە دەکات، بەڵام پێشتر لەبەرئەوەی داهاتی بەتاڵانبردنی نەوت دەچووە گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی پشتگیریان لە سیاسەتی نەوتی هەرێم دەکرد.

قوباد تاڵەبانی جێگری مەسرور بارزانی پێشتر، بەرگری لە سیاسەتی نەوتی حکومەتە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی دەکرد و جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئاگاداری دۆسیەی نەوتە و ئەوەشی دەوت ،سیاسەتی نەوت فەشەلی نەهێناوە.

پێشتریش، یەکێتی لە زاری زۆربەی بەرپرسەکانی خۆیەوە نەیشاردووەتەوە لەگەڵ پارتی هیچ گرفت و کێشەیەکیان نییە و ئەوەشی ڕوودەدات تەنها تای هەڵبژاردنە.

ئێستا ئیتر با هاوڵاتی خۆی بڕیار بدات یەکێتی چی کردووە لەگەڵ پارتی و چۆن داهاتی سەرخان و ژێرخانی ئەم وڵاتەیان دزیوە و ئێستاش بۆ بانگەشە شەڕە جنێودەکەن و هیچیان بۆ خەڵك پێ نەماوە.













گەلەری