جێگری نوێی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم دەستبەکار بوو و رایگەیاند، ٢٠ـی ئۆکتۆبەر کاتێکی باشە تا هاوڵاتیانی هەرێم بەوریاییەوە بڕیار لەبارەی پەرلەمانی هەرێمەوە بدەن.
شارلۆت دیکسن جێگری نوێی کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم دەستبەکار بوو و پەیامێکی ئاڕاستەی دەنگدەرانی هەرێم کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەر
کاتێکی زۆر باشە بۆ هاوڵاتیان تا دیدگاکانیان بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان تاوتوێ
بکەن".
باسی لەوەش کردووە، پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم گوێ لە سیاسەتە جیاوازەکانی
هەموو لایەنەکان بگرن و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری بکەن
بۆ ئەوەی بتوانن بەوریاییەوە بڕیار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە لە ٢٠ـی ئەم
مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەبچێت و پێشتریش، کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیانی
هەرێم دەکەن لە ماوەی هەڵبژاردندا ئاشنای پێشینە و بەرنامەی کاری لایەنەکان ببن و
لەکاتی دەنگداندا باشترین بڕیار بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بدەن. دەشڵێت، "هەر
دەنگدەرێک دەنگ بە هەر لایەنێک بدات پرسێکی تایبەتە".