سەردێڕ:

دارایی هەرێم: چاوەڕێی هاتنی پارەی دیکەین لە بەغداوە

PM:02:59:09/10/2024

2284 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بۆ بڵاوكردنەوەی خشتەی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێن لە بەغداوە پارەی دیكەیان بۆ بنێردرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوە كرد، روونکردنەوەیان بە بەغدا داوە و چاوەڕێی ناردنی پارەن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ بکەن.

ئەوەشی خستە روو، لە لیستەكانی مووچە کێشەی ناوی دووبارە و لەیەکچوو هەبوون و لەسەر ئەو بابەتە روونکردنەوەیان بە بەغدا داوە.

باسی لەوەش كرد، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەیە، ئەوەی پەرلەمان لەسەر زیادکردنی چەند ناوێک مووچەیان بۆ نەهاتووە بۆ ئەوەش روونکردنەوە دراوە.

وتیشی، دوای ناردنی روونکردنەوەی پێویست بۆ بەغدا، چاوەڕێن لەم چەند رۆژەدا ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن و مووچەکان بنێردرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو حکومەتەکەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە کە لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم نێردراوە، بە پێی زانیارییەکانیش، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە هاوبەشی بڕیاریان داوە کە دابەشکردنی مووچە بۆ چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردن دوا بخەن.













گەلەری