کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی ١٥ـی مانگ دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمێتریی دەنگدان و هەر کەسێک لەم پێنج رۆژەدا کارتی دەنگدانەکەی وەرنەگرێتەوە، ئەوا مافی دەنگدانی نابێت. سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستانیش لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەنها ١٢٦ هەزار کەس ماون کارتی دەنگدان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا کە هەر کەسێک تا ١٥ـی ئەم مانگە کارتی دەنگدانەکەی وەرنەگرێتەوە، مافی دەنگدانی نابێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، داوا لەو کەسانە دەکەن کە کارتی دەنگدانیان
وەرنەگرتووەتەوە، سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمێتریی دەنگدان، تا مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی
خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەفەوتێت.
هاوکات، نەبەرد عومەر، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەنها ١٢٦ هەزار کەس ماون کارتی دەنگدان وەربگرنەوە.
دوێنێ سێشەممە، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی
عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی
هەرێم کۆتایی هاتووە.
لە بارەی دەنگۆکانی ئاشکرابوونی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا باسی لەوە کرد، لە
هەڵبژاردنەکانی دیکەشدا ئەو دەنگۆیانە هەبوون، بەڵام هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن
لە راستییەوە. وتیشی، تایبەتمەندی دەنگی دەنگدەر پارێزراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی
کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت،
هەڵبژاردنەکەش دەبێتە یەکەمین هەڵبژاردن لە مێژووی هەرێمی کوردستان، کە بە فشاری نێودەوڵەتی
و بەدەر لە ویستی پارتی و یەکێتی بەڕێوە بچێت، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ٣٣ ساڵ، هاوڵاتیان
کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە.
هێرش قادر - هەولێر