پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە نزیکەی کاتژمێر ٩ و ٣٠ـی خولەکی ئەم بەیانییەوە ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە. دەشڵێت، هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بە تەواوی ئاشکرا نەکراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن، لەپاڵ هەوڵەکانی تیمەکانیشدا هاوڵاتیان بە خۆبەخشانە رێگری لە زیاتر تەشەنەسەندنی ئاگرەکە دەکەن.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی شوێنی ئاگرەکە پووش و پاوانە و کزە بایەک لە
ناوچەکەدا هەیە، تا دێت ئاگرەکە روو لە زیادبوون دەکات.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستە روو، تا
ئێستا بە تەواوی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
هاولاتیانیش دەڵێن، ئەمە یەکەم جارە نییە کە ئاگر لە چیای گۆیژە بکەوێتەوە، هەربۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد
سەبارەت بەو رووداوانە بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەمساڵدا چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە و
زیانێکی زۆر بە دار و درەختی چیاکە کەوت، یەکێک لە ئاگرەکان لە کۆتایی
مانگی حەوتی ئەمساڵ کەوتەوە کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر سروشتی چیاکە کەوت. بە
وتەی لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی گۆیژەش، بەهۆی ئاگرەکەوە لە رووبەری ٤٠٠ دۆنمدا،
٣٤ هەزار نەمام کە تەمەنیان کەمتر بووە لە دوو ساڵ سووتاون.
لە کۆتایی
مانگی ئایاریشدا، ئاگرێکی گەورە لە چیاکە کەوتەوە کە نەتوانرا بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ
بکرێت و گەیشتە چەند ناوچەیەکی مینڕێژکراوی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ، ئەو مینانەی لە سەردەمی
رژێمی پێشووی عێراقدا چێنراون و هێشتا بەهۆی دابیننەکردنی بودجەی پێویستەوە پاکنەکراونەتەوە،
ئاگرەکەش لەدوای نزیکەی ١٦ کاتژمێر بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرا.
چۆمان مەحمود - سلێمانی